بە خۆشحاڵی و بە شانازییەکی زۆرەوە کتێبی (ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی) م پێ گەیشت، کە دیارییەکی بەنرخی کاک رزگار دزەیی خۆشەویستە ..کتێب لەسەر ژیانی سەرکردە و تێکۆشەری دێرین کاک ئەحمەد حەمەدەمین دزەییە. بەراستی بەم دیارییە دڵم گەشایەوە و یادگاری ئەو دەرفەتەم وەبیر هاتەوە کە جەنابی مام جەلال لەسەریەک چەند جارێک رایسپاردین بە دیقەتەوە سەرپەرشتی دوو بەشی وتارێکی نایابی بکەم کە لەسەر کاک ئەحمەد نووسیبووی. وەک هەمیشە مام جەلال وەفاداری دۆستانی خۆی بوو لە خەباتی درێژخایەندا .
لەبیرمە لەگەڵ وتارەکە وێنەیەکی ناردبوو رەنگا و رەنگ, بە پەرۆشییەوە دەیگوت ئەو ئاماژەی لەسەر سنگی کاک ئەحمەدە ئاڵای رەنگاوڕەنگی کوردستانە، ئەو رەسمانەی تریش هەر ئەوەن لەگەڵ هەڤاڵەکانی، رەسمەکانیشم لێت دەوێتەوە، وتم بەڵام بەداخەوە مامە لاپەڕەکانی ئێمە ڕەش و سپییە و رەنگی نییە. گوتی باشە هەوڵبدەن رەش و سپییەکی بریقەدار بێت. بریقەی بێت وەک کاک ئەحمەد خۆی…
دوایش هەر لەو مانگەدا بەشێکی تری بیرەوەرییەکانی لەگەڵ کاک ئەحمەد لە گۆڤاری خاکدا بڵاوکردەوە، هەر سێ بەشەکەش پێکەوە لەم کتێبە ناوازەی بنەماڵەکەی و هەروەها لە کتێبی (نوسینەکان لە (خاک) ی کوردستانی نوێدا) بڵاو بوونەتەوە
کتێبی (ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی، نووسین و کۆکردنەوە و رێکخستنی: ئاواز ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی، رزگار ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی، کوردستان ٢٠٢٦)، هەردوو بەڕێزان لەجیاتی خوشک و براکان و گشت بنەماڵە و بە یارمەتی ئەوانیش کاریان تێدا کردووە. کتێبی ناوبراو زۆر دەوڵەمەند و فرە لایەنە کە کەسایەتی و ئەدگاری کاکە ئەحمەد دزەیی بە روونی دەردەخەن. ئەگەرچی کتێبەکە گردوکۆی ئەو نووسین و بابەتانەیە کە پێشتر لەسەر ئەم کەڵە پیاوەی تێکۆشانی کوردایەتی نووسراون، بەڵام بە راستی کۆکردنەوەی لە یەک کتێبدا دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ سەرلەنوێ خوێندنەوەی ئەوی هەڤاڵان و دۆست و ناسیاوانی دێرینی کاک ئەحمەد لەسەری نووسیویانە. بێ گردوکۆی لەم شێوەیە بە داخەوە کێ لەنەوەکانی ئەمرۆ دەپەرژێتە سەر پشکنین و دیتنەوەیان .
نووسینەکان و هەموو بەرنامەکانی کەناڵی کوردسات و کەناڵی گەلی کوردستانیش کە بە دەق و بە بارکۆد دانراونەتەوە ، بە تێکڕایی دیمەنێکی بەوەج و ئاشکرای وی نیشان دەدەات.
فرەیی ئەو کەسایەتییانەی لەو کتێبە و لە بەرنامە دیکۆمێنتارییەکەشدا قسەیان کردووە خۆی لە خۆیدا فەزای هەڤاڵێتی و کۆمەڵگەی فراوان و هەمەڕەنگی کەسایەتی کاک ئەحمەد دەردەخەن کە دیارە لە هەموو جین و توێژەکان و لە هەموو کایەکان و لە هەموو تەمەن و ئایدۆلۆژیا جیاجیاکانی تێدایە، هەمووی ئەویان ناسیووە و یادگاری و بەرخودیان لەگەڵی هەبووە.
دەستخۆشی لە کاک رزگار و ئاواز خان و هەموو ئەوانە دەکەم بەم بەرهەمەوە ماندوو بوون و کتێبخانە و ئەدەبیاتی تینووی کوردایەتییان رازاندەوە و ستونێکی پتەویان بۆ دابین کرد.
یادی ئەم سەرکردە و تێکۆشەرە گەورەیەی خزمانی دزەیی و گشت کوردستان پایەدار بێت.
دووبارە سوپاس بۆ خەڵاتە جوانەکەی کاک رزگار دزەیی لەسەر رێی تێکۆشانی باوک و بنەماڵەدا بڕوا و سەرفراز بێت