ژیاننامە

ستران عەبدوڵڵا

ژیاننامەی نووسەر

ستران عەبدوڵڵا (ساڵح عەبدوڵڵا محەمەد) لە ١٣/١/١٩٦٩ لە کەرکوک لەدایک بوو. خوێندنی تا قۆناغی ئامادەیی لە کەرکوک خوێندووە. کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی مووسڵ و سەلاحەدین، لە هەولێر، تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لە بواری ڕۆژنامەوانی و میدیا بەگشتی کار دەکات.

لە ١٩٩٣ تا ٢٠٠١ وەک ڕۆژنامەنووس، دەستەی نووسەران، بەڕێوەبەری نووسین، جێگری سەرنووسەر و سەرنووسەر بەوەکالەت لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ کاری کردووە.

لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٤ وەک ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران و پاشان وەک بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئیدارەی سلێمانی) لە کابینەی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح کاری کردووە.

لە ساڵی ٢٠٠٤ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی ڕۆژنامەنووسدا دەزگای خەندان بۆ پەخش و وەشاندنی دامەزراندووە. یەکەم سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و یەکەم سەرنووسەری ڕۆژنامەی (ئاسۆ) بووە کە سەرەتا هەفتانە و پاشان سێ ڕۆژ جارێک و دواتر بە ڕۆژانەیی دەریان کردووە.

سەرنووسەری ڕۆژنامەی عەرەبی (الولایە) بووە کە ماوەیەک لەلایەن خەندان بۆ پەخش و وەشاندن لە شاری کەرکوک دەرچووە. سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەی ئوفک و پاشان ڕۆژنامەی پرد بووە کە بە زمانی تورکمانی لەلایەن دەزگای خەندانەوە، لە کەرکوک، دەردەچوو.

ساڵی ٢٠٠٧ دەستبەرداری سەرنووسەرێتی ئاسۆ بووە و ساڵی ٢٠٠٨ بووەتە سەرنووسەری گۆڤاری هەفتانەی (هەفتانە) کە دەستەخوشکی گۆڤاری ئەلئسبوعیە بووە و لەلایەن هەمان دەزگاوە دەرچووە.

هاوینی ساڵی ٢٠٠٩ وازی لە سەرنووسەری هەفتانە و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و ئەندامێتی بۆردی دەزگای خەندان هێناوە. گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی نوێ و لە ٢/٨/٢٠٠٩ بووەتە سەرنووسەری ڕۆژنامەکە. سەرپەرشتی ئەزموونی کوردستانی نوێی بادینی کردووە کە ساڵی ٢٠١١ چەندین ژمارەی لێ دەرچوو.

لە بواری میدیای تەلەفزیۆندا ساڵی ١٩٩٩ بەرنامەی نیومانگی هەزارەی سێیەمی لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان پێشکەش و ئامادە کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ٢٠١٤ ڕاوێژکاری سەتەلایتی گەلی کوردستان بووە. لە تەلەفزیۆنی لۆکاڵی کەرکوک و پاشان لە سەتەلایتی کەرکوک بەرنامەی سیاسی (پرد)ی ئامادە و پێشکەش کردووە؛ ماوەیەکیش ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری سەتەلایتەکە بووە.

لە ڕۆژنامەی (الاتحاد) گۆشەنووسیی عەرەبی بووە و گۆشەکانی (هامش سیاسی، رؤوس أقلام)ی نووسیوە. لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان لە بەشی عەرەبی خاوەنی گۆشەی هەفتانەی (من محفظة صحفي) بووە و لە بەشی کوردی ماوەیەک هاوبەشی بەرنامەی دیالۆگی (٣–١) بووە.

لە کوردستانی نوێ گۆشەکانی بە تەنیشت سیاسەتەوە، گوڵدان، کورت و کرمانج، مەسەلەی توتنەکە و ڕۆژنارۆژێک، ڕاست و ڕەوان، ٢٠٠×٢٠٠، نها، نزار، سپی و ڕەش و مێخەک و نڤیسكار؛ لە ئاسۆ گۆشەکانی ئاسۆی ڕۆژ، کەشتی نوح، هیوا؛ لە ڕۆژنامەی هاوپەیمانی «قسەیەک هەیە بیکەم»؛ و لە گۆڤاری هەفتانە نڤیسكار و تەماشا و لە چەندین ڕۆژنامەی تریش گۆشەی جیاجیای هەبوو.

ساڵی ١٩٩٨ هاوسەرگیری لەگەڵ میدیاکار دکتۆرە شیلان فەتحی شەریف کردووە و خاوەنی سێ منداڵن بە ناوەکانی: ژین، ئەلەند و لیدا.

لە ڕۆژنامە عێراقی و عەرەبییەکاندا، لەسەر مەسەلەی کورد و عێراق بەردەوام وتار و لێکۆڵینەوەی نووسیوە. سێ دەیەیە لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا کار دەکات.

ساڵی ٢٠١٩ لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوە، پاشان بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن. ساڵی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەی پێنجەم بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرایەوە، پاشان بووەتە لێپرسراوی سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی.

وێنەی ناسنامەیی ستران عەبدوڵڵا

تۆماری کاری بڵاوکراوە

ئەم ژمارانە ڕاستەوخۆ لە ئەرشیفەکەوە وەرگیراون.

نووسینی تۆمارکراو
٩٥
ماوەی نووسین
٢٠٢١–٢٠٢٦
زمانەکان
کوردی · عەرەبی

شوێنی بڵاوکردنەوە

  • المرصد ٤٦ نووسین
  • ژیان ٣٦ نووسین
  • PUKmedia ٥ نووسین
  • فەیسبووک ١ نووسین