(چینییەکان کەسیان بێ ئەرک نەهێشتۆتەوە، تەنانەت گێڕانەوەی خەباتی دێرینی حزب و شۆڕشەکەیان بە پیرێژنەکان سپاردووە)
مام جەلال

گێڕانەوە ماکی خەباتی داهاتووە و بەشێکی سەرەکی ئەنگێزەی گەشبینییە لە خەبات و سیاسەت و حزبایەتیدا. ئەمە هەر بۆ ئەوە نییە شانازی و سەروەری نەشئە و دڵخۆشی بە دڵمان بدا و مەستی سەرکەوتن وامان لێ بکات بوغرا بین و ئەم بوغراییە بە خەلکی تر و حزبی تر و میللەتی تر بفرۆشین. شانازی و سەروەرییەکانی رابردوو ئەگەر وابێت کە ئیدی لوتبەرزی باعیسی تەوەلا بوونی ئەوانی تر بێت لێمان و دەرفەتی ئەوانی لە داهاتوو سیاسەت و هەماهەنگییان لەگەڵ بکەین نەدات دۆستمان بن نەدات دۆستمان بن، هەر نەبێ باشترە و بیشارینەوە خاسترە. دیوێکی تری خراپی بیرئانینی سەروەرێتی و شانازییەکانی خەبات، هی میللەت و هی حزبە شۆڕشگێڕییەکان، ئەوەیە بەو بەشە رازی بین و دەرگا لەسەر خەباتی تر و تێهەڵچوونی دیکە دابخەین و پێمان وابێت مێژوو لەوێ دەوەستێ و لەسەر دوا کۆششی ئێمە قفڵی سندوقی بەسەرهاتەکانی خۆی توند دەکات. ئەو کاتەی ئێمە وا دەکەین بەخۆمان نەزانیوە میللەتێکی تر و چینێکی تر و رەوتێکی سیاسی تر تەداروکی خۆی بۆ دەستپێکی جیاواز خستووە و بێ ئێمە کاروان درێژە پێدەدات. بەڵام دەرسی شۆڕشگێڕی وا ناڵێ. دەرسی شۆڕشگێڕی دەرسی قووڵ و ماناداری ترمان دەداتێ، بەم شێوەیە:
1-رەوتی مێژوو ناوەستێ و بەردەوامە، کە وابێ بۆ ئەوەی رەوتەکە باش بڕوا و تۆکمە و پتەو بێت خاوەنەکانی راستەقینەی مێژووەکە خۆیان درێژەی پێ بدەن و بە ناونیشانی قۆناغی تر و وێستگەی چۆنایەتی کە پەیوەستی هەلومەرجی نوێن، تێهەڵچوونەوەی تازە بکەن و یەک ڕەوڕەوەی لەسەر یەک و لەسەر یەک رێگا و رێباز سەربخەن. ئەوانەی رابردوویان کردووە باشترە ئەوی ماوە هەر خۆیان تەواوی بکەن، مادام کۆدەکە لای خۆیانە و سەروەرییەکانی دەناسن و کەموکوڕییەکانیشی لەبەرچاو و لە بیرەوەرییاندایە. بە مەرجێ بژاری شانازییەکان لە چنگ خۆیان بێت و پەروەردەی توخمە چاکەکانی بکەن و ئازایەتی مۆڕاڵی ئەوەشیان هەبێ دان بە کەموکوڕی و خەوشەکاندا بنێن و بەڵێنی شەرەف بۆ چارەسەرکردنی دووپات بکەنەوە. هەڵبەتە ئەمە رێڕەوە زێرینەکەی مێژووە کە هەر میللەتی خواپێداو پێی ئاشنان و لێی بەهرەمەندن. سابەڵکو بۆ ئەمڕۆ ئێمە لەم خواپێداوانە بین؟!
2-وەکو رەوتی مێژوو ناوەستێ و تیمی شۆڕشگێڕان، خەباتگێڕانی گیانباز، لەسەر رێگە وەستاون بۆ بنبەستکردنی نا، بۆ دەور و تەسلیم نا لەگەڵ کەسی تر و توێژی تر، بەڵکو بۆ درێژە پێدان و تێهەڵچوونەوەیەکی تازە. ئەمە ساتێکی مێژوویی زێڕینە کە دەبێ هاندەری سەروەری و شانازی تر بێت.
3-بەڵام باسکردنی شانازی و سەروەرییەکان جۆری هەیە. تەکنیکی جیاواز و هونەری ناسینەوە و ناساندنی هەیە کە پێویستە جاڕسکەر و تەوەللاکار نەبێت. جۆری تەکنیکی بەرز هەیە کە بە ئامرازی بەراورد و هەڵسەنگاندن قسەی لەسەر دەکەین و جۆری تریش ئەوەیە کە:
4-ئەم جۆرەیان ماددە و کەرەستەی حزبایەتی دەوڵەمەند و شایانە. لەمەدا خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕەکان خۆیان بەشدار و کارەکتەرن.
بەواتای ئەوەی (گێڕانەوە) بەشێک بێت لە خەباتی سەردەم و بۆ داهاتوو کار و کۆششی حزبایەتی بکات. ئەگەرچی (گێڕانەوە) باسی رابردووە و باسی شانازی ئەنگێزەی هاندان و تێهەڵچوونەوەیە. بەڵام مەبەستمانە لە کۆڕی خەبات ی سیاسیشدا بخرێتەوە گەڕ.
هەردوو بەشی:
ا- گێڕانەوەی بە تەکنیک کە هونەر و سینەما و رۆمان و شیعر و شانۆ و مۆسیقای تێدەکەوێت و کەسان و دامەزراوە و رێکخراوی پرۆفیشناڵ پێی رادەبن
ب- (گێڕانەوەش) وەکو ئەرکی حزبی لەوەدا یەکدەگرنەوە کە مەبەستیان تەوزیفی شانازی رابردووە بۆ ئەرکێکی ئیجابی کە جۆشدانەوەی خەبات و خۆڕاگرییە و ناساندنی نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتوو و کۆی میللەتە بەوی کراوە و بەوی بە رەنج و ماندووبوونی بێ هاوتا زەحمەت بەدەست هاتووە، تا بگوترێ ئێمە کە ئەم هەموو مێژووەمان هەیە هەر خۆمان شایانی تەواوکردنی ئەرکەکانی داهاتووین.
بێگومان لە بەشی گێڕانەوەی پرۆفیشناڵدا (کارەکتەرەکانی واقیعەکان) کەسانێکن و ئەوانەی ئەم ئەرکە لە گێڕانەوەی پرۆفیشناڵ جێبەجێ دەکەن کەسانی تر و کارەکتەری بەتوانا و لێهاتوون، مۆسیقار و ئەکتەر و شاعیر و سینەماکار و تەکنیکاری بەتوانان کە ماددە و کەرەستەکانی شۆرش بۆ ئەو کارانە بەکار دێنن، بەڵام کارگێڕانی (گێڕانەوەی) حزبی کە ئیشەکەیان بەشێک بێت لە خەباتی سەردەم و بەشێک بێت لە جەستە و دامەزراوەکانی حزب ئەوا جیاوازن و بەشی زۆریان کەسەکانی واقیع خۆیانن و ئەم ئەرکی تیژکردنەوەی یادەوەرییە رادەپەڕێنن. وەک کارێکی حزبیانە و وەک ئەرکی دوپاتکردنەوەی رووداوەکان و بەسەرهاتەکان باسی دەکەن. ئیشەکەیان جۆرێک لە مێژووی زارەکی و مێژووی خام کە تەنانەت دەتوانێت کەرەستە بێت بۆ گێڕانەوەی پرۆفیشناڵانە وەختێک وەک ئەرشیف و مێژوو دەخرێتە بەردەستی دامەزراوە پرۆفیشناڵەکان.

بەشی گێڕانەوەی سەروەری لە هەموو ئۆرگانێکدا
بە گوێرەی گۆڕانکارییەکان لە هەیکەلی حزبدا بۆردێکی تایبەت بە تێکۆشەرانی دێرین دانراوە کە ئەرکەکەی هەمەلایەنەیە، لە ئەرکی خزمەتکردنی تێکۆشەران و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەل و رێکخراوەکانی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی هەموو سنفێک، تا رێکخستنی ریزەکان و ئامادەسازی تێکۆشەران بۆ کەمپینی هەڵبژاردنەکان.ئەمانە هەموو ئەرکی گرنگن.
لە چوارچێوەی ئەرکە حزبییەکانیشدا کردنەوەی بەش یان ئۆرگانی تایبەت بە گێڕانەوەی سەروەرییەکان لە ئارادایە کە ئەم ئۆرگانە لە هەموو مەڵبەند و کۆمیتەکاندا ئامادەگی و چالاکی دەبێت. دیارە بەش یان ئۆرگانی ناوبراو گەڵاڵەی پرۆژەی خۆی دەبێت بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی، بەڵام پێشنیازی هەموو هەڤاڵ و هەموو پەرۆشێکی حزبی دەتوانێت یارمەتیدەری بۆردی تێکۆشەران و بەشی سەروەری یان شانازییەکان بێت، بە پێی ئەوەی لەسەر ناو و ناوەرۆکی رێکدەکەون.
لەم چوارچێوەیەدا نووسەری ئەم باسە پرۆژەیەکی بە ناوی پرۆژەی (50) گەڵاڵە کردووە و پێشکەشی چەند دامەزراوەیەکی حزبی کرد و دانەیەکیشی ئاراستەی بۆردی تێکۆشەران کراوە، بەڵام لێرەدا بۆ بەشداری زیاتر و گفتوگۆی دەربەستی خوێنەران بە فراوانتر لەو پرۆژەیە دەدوێین:
پرۆژەکە نموونەیەکە لە شێوەی کارکردن لە پرسی یادەوەری و سەروەرییەکان. وێستگەیەک لە دەیان وێستگەی تر بۆ خزمەتی حزب و بۆ تاودانی دۆسێی یادەوەری زارەکی و سەروەرییەکان، وەک ئەرکی رۆژانەی حزبی و وەک بەشێک لە تێکۆشانی ئەندامەکانی و هاتنە سەر هێڵی خزمەتکردنیان، چونکە پرسی ئیحتواکردن و جێکردنەوەی هەڤاڵانیش لە ئۆرگانی خزمەتی حزبیدا زۆر گرنگن و گوزارشتێکە لە قەدرگرانی و نیشاندانی پەرۆشی و پێویستی مانەوەی هەڤاڵان لە کایەی خەباتدا، بە گوێرەی توانا و دەرفەتیان
ناساندنی پرۆژەکە:
پرۆژەیەکە بۆ تۆمارکردنی یادەوەری زارەکی تێکۆشانی یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان
لە قۆناغی یەکەمدا پەنجا تێکۆشەری دێرین کە هەر یەکەیان لە کایەیەکی تێکۆشان چمکێکی شۆڕشی نوێ و رێکخستنی یەکێتیان لایە و دەتوانن بە گێڕانەوەی هەم مێژووەکە لە فەوتان رزگار بکەن و هەمیش پەرە بە توانای گێڕانەوەی خۆیان بدەن، کۆڕ و سمیناری دەوڵەمەند بکەن لەوەش گرنگتر پێویستە ئەم چالاکییە وەکو رایی کردنی ئەرکێکی حزبی و جێکردنەوەی هەڤاڵانی دێرین لەناو دامەزراوەکانی حزبدا چاوی لێ دەکرێت.

مەبەست لەم پرۆژەیە

1- تۆمارکردنی زارەکی بەشێک لە مێژووی شۆڕش و یەکێتی لە رێی گێڕانەوە و شایەتی ئەندامە دێرینەکانەوە.
2- خستنەگەڕی توانا و بەشداری سیاسی بەشێک لەو تێکۆشەرانە کە خانەنشین کراون یان دوورکەوتونەتەوە، لە رێی ئەم چالاکییە جۆرایەتییەوە دەگەڕێنەوە کۆڕی خەبات، یان لەسەری بەردەوام دەبن.
3- ئەم بەشێکە لە پرۆژەی هاندانی بەشداری سیاسی تێکۆشەرانی دێرین، سەرکردە و فەرماندەکانی کە لەکایەی فیعلی و رەسمیدا نەماون، بەڵام هێشتا توانای خزمەت و راپەڕاندنی ئەرکی سەربەرزانەیان هەیە و گەرەکیانە بەم شێوەیە درێژە بە خەبات و تێکۆشانی چۆنایەتی خۆیان بدەن.
4- هەڤاڵانی بەشدار لەم پرۆژەیە خۆیان تەرخانی ئەم ئەرکە گرنگ و پڕ بایەخە دەکەن و رێگە بۆ هاتنەپێشەوەی هەڤاڵی نوێ لە کایەکانی خەباتی پێشووی خۆیاندا، دەکەنەوە. بەمەش ئەرکی بەشداری کردن لە نوێبوونەوە و هاتنە پێشەوەی هەڤاڵانی تازە جێبەجێ دەکەن. بەپێی پرەنسیبی حزبایەتی چۆنایەتی لە رێی سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ئەرکەکان و توانای کەوتنەگەڕ لە کۆڕی خەبات، ئەمەش بە گوێرەی هەلومەرجی تازە. راپەڕاندنی کاری وا بەریەککەوتنی ناجۆر و چەقبەستنی دامەزراوەیی چارەسەر دەکات و بۆشاییەکی گرنگی تا ئێستای کایەی خەبات پڕ دەکاتەوە کە کایەی ناساندن و گێڕانەوەی سەروەرییەکانە بۆ ئەمڕۆ و بۆ بەرچاوی نەوە تازەکانی وڵات.

قۆناغی یەکەمی پراکتیکی لەم پرۆژەیە:

1- هەڤاڵێکی دێرین لە کۆڕێکدا ئەم مێژووە بگێرێتەوە:
-کورتەیەک لە ناساندنی خۆی: پەرەپیدانی توانای باسکردنی مێژووی ژیان و گێڕانەوەی چمکێکی خەبات لە بوارەکەی خۆی، لە شار و جوگرافیاکەی خۆی، جێبەجێ دەکات
-هەڤاڵی ناوبراو چیرۆک، یان چیرۆکەکانی تایبەت بە بوارەکەی خۆی بگێرێتەوە.

2- کەسێک ئیدارەی کۆڕەکە بکات بۆ رێکخستنی، بۆ پوختکردنی و ئیدارەدانی. کە باشترە هەر جارەی هەڤاڵێک بێت، یان چەند هەڤاڵێک لەناو خۆیاندا ئەرکەکە رایی دەکەن بەجۆرێک هەم تێیدا قاڵدەبنەوە و هەمیش کەسێک بە تەنیا ئیدارەدانی کۆڕ و کۆبوونەوە مۆنۆپۆل ناکات.
3- گێڕانەوەکە لە سنوورێکی زۆر تەسکدا بێت، ئەگەر باسەکە زۆری خایاند، بکرێتە دوو بەش، یان دوو سمینار، بەڵام هەوڵبدرێت دوو ئەڵقەیی نەبێتە دیاردە لە کۆڕەکاندا.
4- ئەگەر دوو بابەتی جیاواز بێت، دەکرێ هەمان کەس لە دەرفەتێکی تردا سمینارێکی تر ساز بکات و گێڕانەوەکە تەوا بکات
بۆ نموونە: مێژووی زیندانی سیاسیی ئەزمونێکە بۆ تێکۆشەرێک کە باسی بکات
-ئەزموونی پێشمەرگایەتی هەمان کەس، ئەزموونێکە لە کایەیەکی تر دا.
-رێکخستنی نهێنی ئەزموونێکە....
واتا هەڤاڵێک بە چەند ناونیشانێکی جیاواز قسە بکات
5-بەشی بۆردی تێکۆشەرانی دێرین لە هەموو مەڵبەند و لە چوارچێوەی هەمان مەڵبەندیش، بەشی تێکۆشەرانی دێرین لە کۆمیتەکان، ئەم نموونەیە لە سنووری خۆیان راپەڕێنن و هەر چالاکییەکی بەشەکە خۆی دەبێتە چالاکی هاندان و وەبیرهێنانەوەی خەبات و تێکۆشان لە سنووری کۆمیتە یان بە گشتی مەڵبەندی دیاری کراو

6- پەنجا سمیناری یەکەم کە قۆناغی یەکەمی کارەکانە، دەبێ زۆربەی بوارەکانی خەبات بگرێتەوە.
-رێکخستنی نهێنی.
-زیندانی سیاسی.
-رێکخستنی دەرەوەی وڵات.
-پێشمەرگایەتی، نەبەردی – داستان و کاروباری پێشمەرگایەتی.
-دیبلۆماسی و دانووستانەکانی شۆڕش و یەکێتی لەگەڵ رژێم و لەگەڵ حزبەکانی تردا.
-موفاوەزاتەکان لەگەڵ رژێم وەکو ئەزموونێکی خەباتی سیاسی و توانای پێ سەلماندنی مافەکانی گەل
-گەمارۆدان و ئیدارەی شەڕ و نەخشەی شەڕەکان
-ئەنجومەنی گوندەکان وەک ئەزموونێکی دیموکراسی لە سەرەتای خەبات لە ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕشی نوێ
-ڕاگەیاندن و نووسین و ئەدەب، وەک ئەزموونێکی تایبەتی خەباتی هەمەلایەنە
-دەکرێت چەند کۆرێکیش بکرێت لەسەر جەماوەر و کۆمەڵ لەو کاتانەی هاوکاری خەباتی شۆڕش و حزبیان کردووە، بۆ نموونە چیرۆکەکانی خۆڕاگری و بەشداری و هاوکاری ژنان، جوتیاران و جەماوەری چین و توێژەکان و خێزان و کەسوکاری شەهیدان، وەک نموونەی سەرکەوتوو و زیندوو کە ئەم چیرۆکانە هەماهەنگی و پێکەوەیی شۆڕش و حزب لەگەڵ جەماوەر دەردەخەن.

7- ئامادەبوان: جگە لە کۆڕگێڕ و بەڕێوبەری کۆڕ:
-بیست خوێندکاری خولەکانی کادیرانی یەکێتی لە خولە جیاجیاکاندا، لە سنووری مەڵبەند یان کۆمیتە، بانگ بکرێن.( بۆ ئەم پرسە هەر زۆر گرنگە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی گەنجان بکرێت کە ئەوانیش نوێنەرایەتی خۆیان لە سنووری هەموو مەڵبەند و کۆمیتەکاندا هەیە).
-بیست کادیری سنوورەکە + کۆمەڵەی خوێندکاران و ئازادی لاوان و یەکێتی ژنان لە سنووری خۆیاندا
-پێنج تێکۆشەری دێرین کە هاوڕێی کۆڕگێر بن و بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ گێڕانەوەکانی بۆ دەوڵەمەندکردنی بابەتەکەی.

لۆجستی
1- هۆڵی کۆبونەوە و پێداویستی میوانداری
2- تۆماریی ڤیدۆیی + پەراو و کاغەز.
3- تیمی هاوکار لە خۆبەخش، یان لە ئەندامانی بەشی گێڕانەوەی یادەوەری لە کۆمیتەکاندا
لە هەموو کۆڕەکاندا:
سمینارەکان تۆمار بکرێن و بەشێکبن لە ئەرشیفی مەڵبەندی دیاریکراو، ئەرشیفی مەڵبەندی دیراسات، ئەرشیفی کتێبخانەی مەکتەبی سیاسی و ئەرشیفی مەکتەبی راگەیاندن و هوشیاری
-بکرێنە یەک بۆکسی دیڤیدی، یان فلاش. هەروەها بیر لە بازاڕکردنی بکرێتەوە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک
-گوڵبژێرێک وەکو کتێب بکرێت. تەنانەت ئەگەر بۆردی تێکۆشەرانی دێرین بخوازن دەتوانن بە ناوی خۆیانەوە بڵاوی بکەنەوە.
4-بڵاوکردنەوەی کۆڕەکان لە بەشی میدیای نوێی بۆرد و مەڵبەندەکان، هەم وەکو چالاکی و هەمیش وەکو بابەتی دەق و پوختکراو بۆ بڵاوکراوەی لە گۆڤارە حزبییەکان، (بۆ نموونە گۆڤاری رێبازی نوێ و گۆڤاری نوێبوونەوە).

قۆناغی دووەم:
1- پەرەپێدان و پێشخستنی پرۆژەکە بە (50) دیداری تر، بە هەمان شێوەی پێشوو

هەڵسەنگاندنی خولەکی:

پاش ماوەیەک لە جێبەجێکردنی دەکرێت هەم پرۆژەکە و بگرە کۆی ئەزموونی گێڕانەوەی زارەکی تێکۆشەران هەڵبسەنگیندرێت، بە جۆرێک بزانرێت لە کوێ سەرکەوتووە و چۆن قۆناغێکی تر بچێتە پێشەوە و لە کوێ تەگەرەی تێ کەوتووە تا چارەسەر بکرێت و پێداچوونەوەی پێدا بکرێت؟
ئەزموونی گێڕانەوەی وەک هەر ئەزموونێکی حزبی شایانی باش و کەموکوڕییە و تەنها شتێک دەتوانێت سەرکەوتووی بکات هەروهەر تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنێتی. بێگومان یەکێک لە شێوازەکانی زانستی لە سەرکەوتنی پرۆژەکە.
1-سەرکەوتنی پرۆسەی گێڕانەوەکە و کۆبوونەوەی زیاتری رێژەی جەماوەرە لە دەوری حزب و لە دەوری میژووەکەی، بە تایبەتی لەلایەن گەنجەکان(کچان و کوڕانی وڵات)ەوە.
2-سەرکەوتن و جەماوەری بوونی تێکۆشەرای دێرین و کاریگەری ئەم پرسەش لە ئەزموونی هەڵبژاردنەکاندا.
3-دڵخۆشبوون و رازی بوونی هەڤاڵانی تێکۆشەری دێرین لە ئەرکی حزبی نوێیان، واتا لە بۆردی تێکۆشەرانی دێرین.
4-پەیدابوونی کەرەستەی زۆری گێڕانەوە و ئەرشیف هەم بۆ:
ا-بەشی گێڕانەوەی پرۆفیشناڵیانە لە دامەزراوەکانی فیلم، شانۆ، دراما و دیکۆمێنتاری، کتێب و چاپەمەنی هەمەجۆر... هەر لە رۆمان و داستانەوە تا وەکو کتێبی دیکۆمێنتاری.
ب-پەرەپێدانی توانای زاتی هەڤاڵانی یەکێتی لە هونەری گێڕانەوە و سیمینار گرتن کە دەکرێت ئەمەش وەک توانای یەدەکی حزبی بکرێتە خزمەتی کاروبارەکانی حزبەوە

سەرەنجام:
گێڕانەوە تاکە کەسییەکان، ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی هەر هەڤاڵێک لە هەر بوارێکی خەباتی سیاسی، زیندان، رێکخستنی نهێنی، پێشمەرگایەتی، کاری جەماوەری و پەیوەندیکردن بە جەماوەرەوە، لەوە دەردەچن کە گێڕانەوەیەکی تەنها شەخسی بن. بەڵکو بە کۆ و پێکەوەیی دەبنە تۆمارکردنێکی چۆنایەتی مێژووی حزب و خەبات و شۆڕش.