ئێمە بە جددی لە بابەتەکە تێگەیشتووین،

بە جددی باوەڕمان بە دیموکراسیی و سندوقە عاجباتییەکەی هەڵبژاردن هەیە و پێمان وایە ئەمە رێگای ئاوریشمین و نەرم و شێنەییە بۆ ڕاستکردنەوە و ڕادەستکردن و وەرگرتنەوە لەم وڵاتەدا.

ئێمە حەیفمان پێدێ کە لە سەدەی بیستەم ئەم هەموو خوێنە بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان دراون و ئێستا لەم سەرەتای سەدەی بیستویەکەدا لێی پەشیمان ببینەوە، یان تەنانەت لێی کەم بکەینەوە و پێمان وا بێ لێمان زیادە.

نەخێر برایان ! لێمان زیاد نییە و زۆرمان پێ خۆشە کە ئەم ئازادی و دیموکراسییە وا لێی بڕژێ تۆڵەی زەحمەتی و ئازارەکانی پێشینیش بکەینەوە.

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رەوتێکی سیاسیی جددی و بەرپرس و دەربەستە و حەیفی پێدێ کۆمسێۆنی هەڵبژاردن ئەم هەموو پارە و خەرجییە بکەن، کەچی سەرەنجام خەریتەی سیاسیی وەکو خۆی بمێنێتەوە و ( مای باردەکە) هەر ئاوی ساردەکەی جاران بێت.

ئێمە بە جددیمانە و زۆرمان پێ خۆشە کە ئەو هەموو کچ و کوڕە چالاکانە کاندید و کەمپین و کاردانەوەیان هەیە و خۆیان سەغڵەت کردووە، کەچی هەبن لە ئێستاوە هەموو شتێکیان بڕاندبێتەوە و فشەیان بە دەنگی میللەت و بە سەنگی سیاسەت و عیبرەتی کێبرکێی هەڵبژاردنەکە بێت.

براکانم چۆن وا دەبێ ؟

تەنانەت لە ماجەرای هەڵبژاردنی لق و ناوچەکانی خۆتانا کادێر و هەڤاڵ و پاڵێۆراوتان بە هەوڵی ناڕەوای کۆنترۆڵی پێش وەختە رازی نەبوون، بۆچی پێتان وایە باقی میللەت و باقی لایەنەکان بەم قەدەرە سەپاوە رازی دەبن؟!

مەرج نییە هەموو کەسێک بە دەنگدانی مردووی گۆڕستانەکان رازی بن . خوا لە قورئان و لە ناوچەوان نەینووسیووە تا دونیا دونیایە حوکمڕانییەکە ئیوهایە.

ئێمە باوەڕمان بە ئیرادە و بە هوشیاری و بە ئازایەتی و جورئەتی نەوەکانی کەریم خانی زەند و کەیخەسرەو و سەلاحەدینی ئەیوبی هەیە کە لەم سەدە تازەیشدا داستان ، ئەمما داستانی دیموکراسیی نەرم و نیان، تۆمار بکەن و لە چین و ماچینیش ببەنەوە.

ئێمە بە جددیمانە و (یەک بست) لەو خەون و خەیاڵ و خەباتە نایەینە خوارەوە.

ئێمە ئەوەندە باوەڕمان بە میللەتەکەمان هەیە کە دێتە مەیدانی ڕاستکردنەوە و سەوز پایەدار دەکاتەوە، بگرە ئەوەندەش خۆش خەیاڵ و خۆشباوەڕین کە سا بەڵکو ئێوەش قبوڵی بکەن و لەگەڵی رابێن و پەسەندی بفەرموون ..

چاوی دوژمنی کوێر بێت کە چاویان بە رۆژی شایی دیموکراسی و زەماوەندی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هەڵنایەت.

ئێمە بە جددییمانە و بەو ئیرادەوە دێینە کایەوە. ڕێڕەوەکە ڕاستدەکەینەوە و هەر لە ئێستاشەوە ، هەر بە جۆشی دیموکراسی باڵانسەکەمان هاوسەنگ کردۆتەوە.

کارت و کاغەز و فایلی خۆمان لەگەڵ میللەتەکەمان وا تێکەڵ کردوە کە کەس پێی جیا ناکرێتەوە.

چی بۆ کوردستان باشە بۆ یەکێتیی باشە و چیش بۆ یەکێتیی گونجاوە لەگەڵ میللەتەکەمان بەشی ناکەین، گشتی با بۆ میللەتەکەمان بێت.